پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی بۆکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: مامۆستا محەممەد خزرنژاد، کەسایەتیی ئایینیی و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی بۆکان، لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکردنی مامۆستا “محەممەد خزرنژاد”، یەکێک لە کەسایەتییە ئایینیەکانی خەڵکی شاری بۆکان کە لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی”ـدا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و لە ماوەی ١ساڵ و ٦ مانگ و نزیکەی ٢٠ڕۆژ دەسبەسەر کرانیدا لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی لە بەندیخانە بێبەش کرابوو.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی قازی “عەلی ڕازینی” سزای سێدارە و ١٦ ساڵ بەندکردنی مامۆستا محەممەد خزرنژادی وەک خۆی پشتڕاست کردەوە و پێشتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە ورمێ، بەتۆمەتی “فساد فی الارض” سزای سێدارە و بەتۆمەتی زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٥ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو لەو ماوەیەدا کە لە بەندیخانەدا بووە، مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر نەبووە وبەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەشی بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بووە ئەو سزایە کە بەسەریدا سەپێندراوە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بووە و قازییەکە حازر ڕێگەی نەداوە کە مامۆستا محەممەد بەرگری لە مافی خۆی بکات.

شایانی باسە کە، مامۆستا محەممەد خزرنژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەکاتی شۆڕشی ژینادا لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی کە هەڵیانکوبووە سەرماڵەکەیان لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی “یاسر” بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرابوون.