دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕەبەت لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی ڕەبەت بەناوی “عادڵ حاجی‌خەلانی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عادڵ حاجی‌خەلانی، لە گوندی “سیسێر”ـی شارۆچکەی “ڕەبەت”ـی سەربە شاری سەردەشت و بەبێ بوونی هێچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بروویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە هەموو دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و بەتەواوی ماڵەکەشیان پشکنیوە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکار دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.