ناڕوونی چارەنووسی ٢هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ پاش ٣مانگ دەسبەسەربوون

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی “ئارمان دەروێش‌هیندوو و ئەمین وەیلی” پاش ٣مانگ دەسبەسەربوون تائێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر ناڕوونی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئارمان دەروێش‌هیندوو و ئەمین وەیلی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ کە نزیکەی ٣مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون، تائێستاش لە بەندیخانەی ئەو شارە ڕاگیراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو دوو هاووڵاتییە پێشتر لە باشووری کوردستان دەژیان و لەو ماوەیەدا ئەندامی ئاشکرای یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بوون و پاش گەڕانەوەیان بۆ ڕۆژهەڵات، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و نزیکەی سێ مانگە لە بەندیخانەی شنۆ دەسبەسەر و چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش کراون.