کۆماری ئیسلامی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی لە کوردستانەوە دوورخستەوە بۆ خۆراسان

خۆڕاگری: ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارەوە بۆ بەندیخانەی “کاشمەر”ـی  خۆراسانی ڕەزەوی دوور خرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٦١ ساڵانی خەڵکی “ئێرانشا”ـی سەربە شاری سەقز، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقزە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی “کاشمەر”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوەی دوور خرایەوە.

ئەمین مەلەکی، ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازرایەوە و هەروەها ناوبراو بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزای ٤ساڵ  بەندکردن لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی پێشوویدا بووە کە بەپێی سزاکەی دەبا لە شاری خۆی دوورخرابایەوە و لە بەندیخانەی شاری کاشمەر تێپەڕی کردبا.

شایانی باسە کە، ئەمین مەلەکی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی،  لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٤ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای ١ساڵ و لە حالێکدا کە مافی مەرەخەسی پێدرابوو، لە ئێران ڕۆیشتە دەرەوە و دواتر بە وەرگرتنی ئەماننامە گەڕایەوە و ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای پێنج مانگ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی  و تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و دوای ئەوەی سزای ٤ ساڵ بەندکردنی بە سەردا سەپێندرا، بۆ بەندیخانەی سەقز گوازرایەوە و لە ئاکامدا هاوینی ساڵی ڕابردوو دوای تێپەڕکردنی تەواوی ماوەی دووهەمین سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.