ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی سەقز بۆ دووهەمینجار لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: مستەفا حەمدی، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، مستەفا حەمدی، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری کاناڵی “پرسمان”ـی شاری سەقز لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کرا.

مستەفا حەمدی، ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سەقز، سزای ٢ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ناوبراو لەگەڵ چوار چالاکی میدیایی دیکەم مانگی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، لە دوای سکاڵای شارەوانی پێشووی سەقز بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بانگ کرابوون و لێپرسینەوەیان لێکرابوو.