دەسبەسەرکردنی هونەرمەندێکی ناسراوی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: حەسەن کاکایی، هونەرمەندی خەڵکی بۆکان، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی کوردی لە نەورۆزدا، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی حەسەن کاکایی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراو و خۆشناوی خەڵکی ئەو شارە بەهۆی ئەوەیکە لە ڕێوەڕەسمەکانی نەورۆزدا سروودی حەماسیی کوردی خوێندووە، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بێڕێزکردن دەسبەسەریان کردووە و بردوویانە.

ناوبراو پاش دەسبەسەرکرانی کە شەوێک ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دواتر بەشێوەی مەرجدار ئازاد کراوە و هەروەها حەسەن کاکایی تەمەنی ٦٤ساڵە و لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە لێیدراوە و شوێنی لێدان بەڕوونی بە ڕوخسارییەوە دیار بووە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هونەرمەندە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا لە شارەکانی بۆکان و سەقز بەشداری کردووە و چەند گۆرانی و سروودێکی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی کوردی خوێندووە بۆیە کۆماری ئیسلامی تووڕە کردووە و بەو شێوەیە دەسبەسەر و بێڕێزی پێکراوە.