دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵکی سنە بەناوی “جەلال خودامورادی” لەسەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆمار ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، جەلال خودامورادی، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شارۆچکەی “حەسەناوا”ـی سەربە شاری سنە، بەهۆی ئەوەیکە بەشداری کارای هەبووە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو چالاکە پاش چەند کاتژمێرێک ڕاگیران، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە و هەروەها دروستکردنی پەروەندی یاسایی، بەشێوەی مەرجدار ئازاد کراوە و پێیانوتووە کە دەبێ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بکات.

جێی ئاماژەیە کە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەڵێننامەیان بەو چالاکوانە مەدەنییە پڕ کردۆتەوە کە نابێ لە ڕێوەڕەسمی نەورۆزی حەسەناوا بەشداری بکات کە بڕیار وایە ڕۆژی ٦ی خاکەلێوە ڕێوڕەسمی نەورۆز لەو شارۆچکەیە بەڕێوە بچێ.