دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی باوک و کچێکی خەڵكی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: باوک و کچێکی خەڵكی مەهاباد بەناوەکانی “خدر ڕەسووڵی و کلارا ڕەسووڵی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کلارا ڕەسووڵیی کچی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد و باوک و خوشکی “کارۆ ڕەسووڵی” ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێوەرگرتوون.

ئەو باوک و کچە ماوەی ١٢ڕۆژە لەلایەن ئیدارەی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مەهابادەوە دەسبەسەرکراون و بەشێوەیەکی دڕێندانە ئەشکەنجە و ئازاریان داون و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێوەرگرتوون گوایە لەڕێگەی کوڕەکەیانەوە هاوکاریی ئیسرائیلیان کردووە و هەروەها بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ کراون.