ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی بۆکان پاش زیاتر لە مانگێک

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی گوندی داشبەندی بۆکان بەناوی “چیاکۆ ئەحمەدی” زیاتر لە مانگێکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: چیاکۆ ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “داشبەند”ـی سەربە شاری بۆکان کە پێشتر ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە سەختی بریندار کرا، ماوەی زیاتر لە مانگێکە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و تائیستا چارەنووسی ناڕوونە.

ناوبران ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەلێانکوتایە سەرماڵەکەیان و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەربوونیدا تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە چیاکۆ ئەحمەدی، ساڵی ڕابردووش لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە و بەسەختی پەنجەیەکی دەستی بریندار بوو کە لە ئاکامی سەختی برینەکەی پەنجەیەکیان بڕیوەتەوە و ئێستاش هەروا بێسەروشوێنە.