دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا بەناوی “فەریاد قادری” لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەریاد قادری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کۆڵیژ”ـی سەربە شاری سەوڵاوا، دوای بانگکردنی بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە، هەرلەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبە سەرکرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای ٥ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ساڵی ڕابردوو لەلایەن هەمان لق و دادگاوە بەتۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٥ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرا و ئێستاش لەسەر دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لە بەردەستدا نییە و نەزانرێ هۆکاری دەسبەسەرکردنی لە سەر چی بووە و چارەنووسیشی ناڕوونە.