دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ڕەزا ئیسلامدوست، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا، پاش ١٧مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕەزا ئیسلامدوست، لاوی تەمەن ٢٣ساڵانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “نەڵۆس”ـی سەربە شاری شنۆ و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا، پاش یەکساڵ و ٥مانگ بەندکردن، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار، پاش تێپەڕاندنی نزیکەی ٦مانگ ڕاگیران سەرەڕای بەدواداچوون و نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی، پێیان ڕاگەیاندن کە کوڕەکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کراوە.