مێرمنداڵە دەسبەسەرکراوەکەی خەڵکی سەقز بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەدمەتین ڕازیان، مێرمنداڵی مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەدمەتین ڕازیان، مێرمنداڵی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی گوندی “ملە”ـی سەربە شاری سەقز، کە زیاتر لە ١٠ڕۆژە دەسبەسەرکراوە، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتنگەیەکی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە کراوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئسلامی بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ خستوویانەتە ژێر ئەشکەنجە و لێدانی زۆرەوە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ ئەو مێرمنداڵەیان بەوە تاوانبار کردووە کە هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێرانی کردووە و پەروەندەکەیان داوەتە دادگای ئینقلابی ڕێژیم.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، محەممەدمەتین ڕازیان، قوتابی پۆلی سێی دواناوەندیی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە شەو هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، دەسبەسەریان کردووە.