هونەرمەندێکی خەڵكی ئیلام جارێکی دیکە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی خەڵکی ئیلام و دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا جارێکی دیکە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: ساسان چەمەن‌ئارا، هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی ئیلام و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لە پەروەندەیەکی دیکەدا لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای  ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا کە پێشتریش سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو لەماوەکانی ڕابردوودا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئیلام بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی، سزای ٣مانگ بەندکردن و پێبژرادنی پارەش بە بڕی ٢٠ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ساسان چەمەن‌ئارا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، لە ماڵەکەی خۆی و بۆ دووەمین‌جار دەسبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا و هەروەها ناوبراو لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینادا، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی قازی “سەید عەلی مەزڵووم” سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپیندرا.