ئازادبوون کاتیی دەسبەسەرکراوێک بە دانانی بارمتە

خۆڕاگری: دانا قوربانی، دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامیاران، دوای مانگێک لە دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” رۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دانا قوربانی، تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی شاری کامیاران و برازای حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کە دوو ساڵ لەمەوبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و جێبەجێ کرا پاش مانگێک لە دەسبەسەربوونی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
دانا قوربانی، لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی لە کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە و ئیدارەی ئیتلاعات تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی داوەتە پاڵ ناوبراو.