بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: عەلی ئەڵڵاوەیسی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەلی ئەڵڵا وەیسی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوودا چەند جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و سزای بەندکردنیشی بەسەردا سەپێندراوە.