کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر مامۆستایەکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: مامۆستا ئەمجەد بەختیاری، هاووڵاتیی خەڵكی دێولان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەمجەد بەختیاری، مامۆستای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دێولان یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سزای ١ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمیشەوە گوشارێکی زۆری خراوەتە سەر.

ناوبراو بەهۆی بەشداریکردن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و چالاکیکردن بە قازانجی دژبەرانی ڕێژیم، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی کۆماری ئیسلامە لە شاری دێولان، سزای ١ساڵ بەندکردن و لێدانی ٧٤ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە بۆ ماوەی ٢ساڵ هەڵپەسێردراوە و هەروەها لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سزا ئیدارییەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان و سووکایەتیکردن بە خامنەیی لەگەڵ بڕینەوەی ڕیزبەندیی مامۆستایان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و لە نیوەی مانگی خەزەڵوەری هەمانساڵدا بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.