دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی “سۆران پاچیدە” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سۆرا پاچیدە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “قەباغکەندی”ـی سەربە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و بەشێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی سۆران پاچیدە لە بەردەستدا نییە و هەوڵ وبەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی خامنەییش لە مەهاباد لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.