ژنێکی خەڵکی مەریوان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی “ژیلا هۆژەبر” بە مەبەسەتی تێپەڕاندنی سزای ٧ساڵ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە سنە کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند:  ژیلا هۆژەبری هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی داگای ڕێژیمی ئێران لە سنە بانگ کرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ساڵ و ٨مانگ بەندکردن، هەر لەوێ دەسبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە گوازراوەتەوە و هەروەها

ناوبراو مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرا و دوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گوازرایەوە و پاش ماوەیەک بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە و پاشان بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

ژیلا هۆژەبری، وەزری زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بە سەرۆکایەتی قازی “کشاوەرزی”، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کورستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ١ ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی نافەرمانی لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سزای ١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکانی ڕێژیم دەبێ وەکوو سزا ماوەی ٥ساڵ بەندکردن جێبەجێ بکات.

جێی ئاماژەیە کە، سزای ٥ ساڵ بەندکردنی ژیلا هۆژەبری کە بەسەریدا سەپێندرابوو، دوای ئەوەیکە هیچ تانەیەکی لە بڕیارەکە نەدا، بە بڕیاری قازی بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردن کەم کرایەوە و ئێستا دەبێ ماوەی ٣ساڵ و ٨مانگ بەندکردن لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە تێپەڕ بکات.