دەسبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: یاسین ئەعزەمی، ئومێد خاکی، ئەیووب بەدری، پەیمان وەیسی و ئەنوشیروان هۆشەنگی، ٥هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری جوانڕۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یاسین ئەعزەمی، ئومێد خاکی، ئەیووب بەدری، ئەنوشیروان هۆشەنگی و پەیمان وەیسی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردوون.

هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە جوانڕۆ، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە گواستوویاننەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە لە شاری کرماشان و هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دەسبەسەرکردنی ئەو ٥هاووڵاتییە بە تۆمەتی ئەندامبوونیان بووە لە گرووپە سەلەفییەکان.