هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەد کەدخودا، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، پاش یەک مانگ دەسبەسەرکران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەد کەدخودایی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان، کە ماوەی یەک مانگ دەبێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ورمێ دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیارد تمەن و بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

 ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی،   لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئەماکن و ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان و پاش پشکنینی ماڵەکەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کرد و دوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، گواستوویانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.

جێی ئاماژەیە کە، محەممەد کەدخودایی، سەرەڕای ئەوەیکە ماوەی یەک مانگە دەسبەسەر کراوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریی کراوە.