دەسبەسەرکردنی خوشکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لە بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەسرین محەممەدی، خوشکی شەهریار محەممەدی، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لە ساڵیادی شەهیدکردنی براکەی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” شەوی چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی “شەهریار محەممەدی” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ئەسرین محەممەدی، خوشکی ئەو شەهیدەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە بەرەبەری ساڵیادی شەهیدکرانی شەهریار محەممەدی، ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی بنەماڵەی ئەو شەهیدە و سەرەڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر، خوشکێکیان دەسبەسەر ڕفاندووە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، شەهید شەهریار محەممەدی، لاوی تەمەن ٢٩ساڵانی خەڵکی بۆکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەکاتی خۆپیشاندانە گشتییەکانی شۆڕشی ژینا بەدژی کۆماری ئیسلامی، بە تەقەی ڕاستەوخۆ چەکدارانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا.