گیان لەدەستدانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا

خۆڕاگری: مووسا ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی پەسوێ‌ی سەر بە شاری پیرانشار، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ، پاش ٦٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی مووسا ئیسماعیلی بەندکراوی سیاسیی کورد، تەلەفوونیان بۆ بنەماڵەکەی کردووە و پێیانیان ڕاگەیاندوون کە بچن تەرمی کوڕەکەیان لەو ناوەندە وەر بگرنەوە و دوای سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ئیتلاعات ، لەوێش پێیانیان ڕایانگەیاندوون کە کوڕەکەیان مردووە، بەڵام نەک هەر تەرمەکەیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە، بەڵکوو هەڕەشەی ئەوەشیان لێ کردووە کە نابێت ڕێوڕەسمی سەرخۆشی بۆ کوڕەکەیان بگرن.

مووسا ئیسماعیلی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “پەسوێ”ـی سەر بە پیرانشار، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و یاسایی، دەسبەسەر کراوە و ئۆتۆمبێلەکەیشی دەستی بەسەردا گیراوە و هێزەکانی ڕێژیم بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک یان بەڵگەی پێوەست لەسەر تێپەڕاندنی پرۆسەیەکی قەزایی و دادگاییکردن، بەو بنەماڵەیەیان ڕاگەیاندووە کە مووسا لەسێدارە دراوە، بەڵام بنەماڵەی ئیسماعیلی لە ماوەی دەسبەسەربوونی کوڕەکەیاندا بەردەوام بەداداچوونیان بۆ بارودۆخی مووسا کردووە و پێیان وایە کە هیچ پرۆسەیەکی دادگاییکردن بەڕێوە نەچووە و هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی بۆ کوڕەکەیان نەگیراوەتە بەر.