خۆڕاگری: سەید فەرهاد زلنووری و سەید فەریبورز شائیبراهیمی، دوو چالاکیی مەدەنیی یارسانی، کە نزیکەی مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنیاندا تێدەپەڕێ، تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەید فەرهاد زلنووری و سەید فەریبورز شائیبراهیمی لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە چالاکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان تێدەپەڕێ و تا ئێستا بەهیچ شێوەیەک هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە و ڕێگەیان پێ نەدراوە کە پارێزەریش بۆخۆیان بگرن.
وێڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە دەسبەسەرکراوە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ زانیارییەکی وردیان پێیان نەداوە، بەڵام باس لەوە کراوە کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە ئەو دوو چالاکی یارسانییەیان تۆمەتبارکردووە بە بەشداری لە کوشتن لە ڕێگەی وتاردانی ناڕەزایەتییانە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەید خەلیل عالی نژاد.