دەسبەسەرکردنی کچێکی ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز لە تاران

خۆڕاگری: نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاریت سەقز جارێکی تر لە شاری تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کرایەوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز کە لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو، دوای ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتیی ئێڤینی تاران بانگ کراوە، جارێکی تر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرایەوە.
شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری بانگکردن و دەسبەسەرکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە بەردەستدا نییە و هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، هێزە سەرکوتەکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە شاری تاران و دەستیان بەسەر کەرەستە و کەلوپەلە کەسییەکانی وەکوو مۆبایل و لاپتۆپەکەیدا گرتووە.