سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر چالاکێکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئومێد ئەسەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئومێد ئەسەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای ٣٢مانگ بەندکردن و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم سزای ٧مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە.

ئومێد ئەسەدی، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکەی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی ناوبراویان دەسبەسەر و هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، پاش ١٨ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی لەبەندیخانەی سنە ئازاد کراوە و لە کۆتاییدا ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوە.