ڕێگریکردن لە مەرەخەسی سیاوەش حەیاتی، سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستیی

خۆڕاگری: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕێگری لە پێدانی مەرەخسی پزیشکی بە سیاوەش حەیاتی دەکا، لەحاڵێکدا ناوبراو دۆخی تەندروستی بەڕادەیەکی زۆر ناجێگیرە.

ڕۆژی هەینی، ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی تەندورستی سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەیکە بنەماڵەکەی بەردەوام سەردانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیان لە کرماشان کردووە و داوایان کردووە کە ناوبراو کێشەی تەندروستی هەیە و تووشی نەخۆشیگلێکی دیکەش بووە پێویستە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی مەرەخەسی کاتیی پێ بدرێ، بەڵام دەزگای قەزایی ڕێژیم سوورە لەسەر ڕێگریکردنی مەرەخەسی بۆ سیاوەش حەیاتی.

بنەماڵەی سیاوەش حەیاتی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ناوبراو بەجیددی پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، هەموو بەڵگەنامەیەکی پزیشکیان کۆکردۆتەوە و ڕادەستی بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشانیان کردووە و لەلایەن دکتۆرەکانیشەوە سەلمێندراوە کە ناوبراو کێشەی تەندروستی هەیە و پێویستە چارەسەری پزیشکی وەربگرێ، بەڵام بەو حاڵەشەوە ناوەندە سەرکوتکەرەکان، بەرپرسانی بەندیخانە و هەروەها دەزگای قەزایی ڕێژیم لە کرماشان، گرینگی بە دۆخی تەندروستی سیاوەش حەیاتی نادەن و بێبەشکیان کردووە لە مەرەخەسی بۆ چارەسەری پزیشکی.

جێی ئاماژەیە کە، سیاوەش حەیاتی لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان، لەگەڵ نەخۆشییەکانی جگەر، سییەکان، پڕۆستات و بەرزی پەستانی خوێن بەرەوڕوو بووە و دۆخی تەندروستیی لەو پەڕی خراپیدایە و کۆماری ئیسلامیش گرینگی بە دۆخی تەندروستی ناوبراو نادا.