خۆڕاگری: چوار لاوی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی “میلاد مروەتی، هاوڕێ تەورە، ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، لەلایەن هێزە چەکداراەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، میلاد مروەتی، هاوڕێ تەورە، ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، چوار هاووڵاتیی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.
ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری، پاش ئەوەیکە دەسبەسەر کراون گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و بنەماڵەکانیشیان بەوپەڕی تواناوە لە هەوڵ و بەدواداچووندان بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر چارەنووسی کوڕەکانیان بەڵام هەوڵەکانیان تائێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و هەروەها میلاد مروەتی و هاوڕێ تەورە، پاش نزیک ١٠کاتژمێر ڕاگیران لە گرتنگەی ڕێژیم و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە، ئازاد کراون.
جێی ئاماژەیەوە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیرانی ئالان و پووریا و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو دوو لاوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.