گواستنەوەی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بۆ بەندیخانەی نەغەدە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بەناوەکانی “حوسێن بورکە و سۆران مەحموودی” کە ماوەیەک لەمەوبەر دەسبەسەر کرابوون، گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، حوسێن بورکە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سۆغانلوو”ـی سەربە پیرانشار و هەروەها سۆران مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە مانگی پێشوو لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پیرانشار دەسبەسەر کرابوون، پاش لێکۆڵینەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە.

ئەو دوو هاووڵاتییە تا ئێستا چەند جارێکی دیکەش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دواتر ئازاد کراون و هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەموو هەوڵ بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.