سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەر عەبدوڵڵا هەمزە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقزدا سەپاند.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، عەبدوڵڵا هەمزە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “مەسعوود حاجیزادە” بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای یەک ساڵ تەعزیری بە سەردا سەپێندراوە.

عەبدوڵڵا هەمزە، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و هەروەها پاشان گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە و لە کۆتاییدا دوای تێپەڕاندنی یەک مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرابوو.