دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەئاکامی هێرشی دڕەندانەی ڕێژیم

خۆڕاگری: هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە مەهاباد هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی بەناوەکانی “ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندیشە” بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفاندوویانن.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ئاکامی هێرشی چەکدارانەی هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارنی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد، پاش شکاندنی دەرگا و چوونە ژوورەوە بە تەقەکردن، ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندیشە دوو هاووڵاتیی ئەو شارەیان بە شێوەیەکی دڕەندانە تێرۆریستانە دەسبەسەریان کردوون و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە کاتێکدا کە دەموچاویان داپۆشیبوو، پاش شکاندنی دەرگای ماڵ و پەنجێرە بە تەقەکردن، چوونە ناو ماڵ و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بێڕێزیکردن ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر و ڕفاندوویانن کە ئەوە کردەوەیەکی تێرۆریستی و تۆقێنەرانەیە بەهۆی ئەوەیکە بەهێزێکی دەمامکدارەوە تەواوی کۆڵانی ئەو گەڕەکەیان داخستبوو کە ئەو دوو لاوەیان تێدا دەسبەسەر کردووە.

شایانی باسە کە، پاش دەسبەسەرکردنی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندیشە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، بارودۆخی دەروونی و جەستەیی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.