دەسبەسەرکردنی باوکی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: ئەمجەد ئەمینی، باوکی شەهید ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی شەهیدکردنی کچەکەی لەلایەن ڕێژیمەوە، لەکاتی چوونەدەرەوەی لە ماڵی خۆی، سپای تێرۆریستی پاسداران دەسبەسەری کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەمجەد ئەمینی، باوکی شەهید ژینا ئەمەینی، هەر کە لە ماڵەکەی خۆیان هاتووەتە دەرەوە، دەسبەجێ لەلایەن هێزێکی چەکداری سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوتەوە.

سەرەڕای ئەوەیکە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئاگادارییان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دابوو کە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدکردنی کچەکەیان بەڕێوە ببەن و ئەو بنەماڵەیەش ڕایانگەیاند: ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەموو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی شەهیدکردنی کچەکەمان لەسەر گۆڕەکەی کۆ دەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین.

شایانی باسە کە، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ئەمجەد ئەمینی لانیکەم چوار جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بانگ کراوە و لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینای کچی وێڕای ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە، بێڕێزیشی پێ کراوە و هەڕەشەی توندیشی لێ کراوە کە نابێ بەهیچ شێوەیەک ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی کچەکەیان بەڕێوە ببەن.