دەسبەسەرکردنی دوو چالاکی مەدەنیی و ژتنگەپارێزی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: عەزیز مەرزی و ئازاد ئەمینی، دوو چالاکی مەدەنیی و ژینگەپارێزیی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، عەزیز مەرزی، مامۆستای قوتابخانە و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سەقز و هەروەها ئازاد ئەمینی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی “هیوای زانست” و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژیان سەوز”ـی شاری سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراونتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و پاش پشکنین و بێڕێزیکردنێکی زۆر، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و قەزایی دەسبەسەریان کوردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونیان تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵی بەدواداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.