خۆڕاگری: سروە پوورمحەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد، لە بەندیخانەوە پەیامێکی ئاراستەی ئیدریس مینبەری کرد بەبۆنەی ڕۆیشتنی بۆ بەندیخانە، دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە…
مرۆڤ کە فێری سەربەستی بوو هیچ کەلەبچەیەک ناتوانێ دیلی بکاتەوە، مامۆستا و هاوڕێی هەمیشەییم، دەزانم دیوارەکانی بەندیخانە لە سەر ئاستی بەرزی ناوت و بەرزیی بیرت شەرم دایانیگرتووە.
وەک خۆت دەڵێی تۆ فێری سەربەستی بووی بۆیە تۆ دیل ناکرێیت، دڵنیام ئەوێش دەکەیتە قوتابخانەیێکی تر و وانەکانت لە ئەو دیوی دیوارەکانی بەندیخانەی سنەوە دەسپێدەکاتەوە و گشت کوردستان دەخەمڵێنێ.
هاتنمان بۆ وێستگەیێکی تر لە خەبات و بەردەوامیمان سەلمێنەری بیری ڕزگاریخوازی و بەڵێنی یان کوردستان یان نەمانە.
درێژەدەری ڕێگای گەورە مرۆڤگەلێک وەکوو عەزیز یووسفییەکان شانازیێکی گەورەیە.
ڕێکخراوەی نۆژین هاوکات لەگەڵ خەبات و چالاکیی بەردەوامی، توانی هاوڕێیەتیی پێشمەرگانە بخاتەوە گەڕ، بۆیە ئەمڕۆ من لێرە لە بەندیخانەوە بەختەوەرم بە بوونت، ئەگەرچی دووریمان چەند قات زێدەتر بووەوە بەڵام بیرمان و ژیانمان پڕ لە خۆشەویستیی نیشتمان و خۆشەویستیی هاوڕێیانەمانە و ئەمە نیشان لە بەختەوەر بوونمە.
چ شانازیێکی گەورەیە لە مەتەرێزێکی نوێدا هاوخەباتین.
سروەی هاوڕێت، بەندیخانەی ژنانی سنە، 24ی گەڵارێزانی 2725ی کوردستانی.
