خۆڕاگری: لە شارەکانی کرماشان، سەوڵاوا، سەڵماس، سەقز، ئەیوان و تاران دە هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٢ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم دە هاووڵاتیی کورد خەڵكی شارەکانی سەوڵاوا، سەڵماس، سەقز و ئەیوان لە شارەکانی کرماشان و تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
لە شاری کرماشان و بەتایبەت لە ناوچەی “دەرەدرێژ”، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە کە دانیشتووی کرماشان بوون، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کرانە ئامانج، نەوید ساڵحی، پەرستاری نەخۆشخانەی تاڵەقانی کە خەڵکی گوندی “مەزیدی” بوو، لەگەڵ بەیات سوبحانی، خەڵکی گوندی “شمشێر”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە و بێجگە لەم دوو کەسە، سێ لاوی دیکە بە ناوەکانی سەجاد فەیزی، محەممەد جەعفەری و عیرفان جامەشۆرانی لە ڕۆژانی پێشووتری ناڕەزایەتییەکانی کرماشاندا بە تەقەی سوپای تێرۆریستی پاسداران کوژراون.
لەشاری تارانیش پێنج هاووڵاتیی کورد لە ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار (٨ی جانیوەری ٢٠٢٦) گیانیان لەدەست داوە کە یەکێک لە قوربانییەکان مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانە بە ناوی عەلیڕەزا سەیدی، خەڵکی ئاودانانی ئیلام و تەرمی ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە لە زێدی خۆی بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر بە خاک سپێردرا، کە لەوێشدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تەقەیان لە بەشداربووان کرد و ژمارەیەک هاووڵاتییان بریندار کرد.
هەروەها لە درێژەی کوشتارەکانی ڕێژیمدا هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی سەوڵاو و دانیشتووی قەڵای حەسەنخانی تاران بەناوی سەلام میرانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستدا داوە و ئیبراهیم ئەحمەدپووریان، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی شێخەڵەی سەقز و دانیشتووی تاران بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستداوە و هەروەها محەممەد زەمانی، هاووڵاتیی خەڵكی ئەیوانی سەربە پارێزگای ئیلامیش بەهەمانشێوە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانی لەدەست داوە.
جێی ئاماژەیە کە بورهان سەیدی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەڵماس کە بۆ کرێکاریی ڕووی لە شاری تاران کردبوو، لەوێ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدا و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ئاشکرا چەکی جەنگی دژی خەڵکی مەدەنی بەکار دەهێنن و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە ساردخانەی “کەهرێزەک” دەریدەخەن کە ژمارەی کوژراوان ئەوەندە زۆرە، تەرمەکان لە سۆلەکانی دەرەوەی ساردخانەکە دانراون و خێزانەکان لەنێو تەرمەکاندا بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕێن و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ڕەهەندە بەرفراوانەکانی سەرکوتکردن لە ڕۆژانی ڕابردوودا.
