دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی شارەکە بەناوی “حوسێن مەحموودپوور” و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” حوسێن مەحموودپوور، تەمەن ٤٥ ساڵانی خەڵکی گوندی “گەرگوول”ـی سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هێرش کراوەتە سەر ماڵی ناوبراو و وێڕای دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر، بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە.

شایانی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ حوسین مەحموودپوور و هەروەها بارودۆخی تەندروستی دوای دەسبەسەرکردنی، لە بەردەستدا نییە.