بانگکردنی بەردەوامیی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

خۆراگری: سنوور فەرشادفەر، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا، سەبارەت بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بانگی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سنوور فەرشادفەر خەڵکی شاری مەهاباد، لەماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٥ جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد بانگ کراوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیانهەوێ لەژێر گوشار ترس و تۆقاندن سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە و بە مەبەستی هاوکاریکردن ناوی کەسانی دیکە ئاشکرا بکا کە بەشداریان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد، لەدرێژەی لێپرسینەوەکاندا هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر هاوکاریی ناوەندە سەرکوتکەرەکان نەکا ئەوە پەروەندەکەی بە لاڕێدا دەبەن و دۆسیەی نوێی بۆ دروست دەکەن کە دەستی هەبووە لە تێکدانی ئاسایش و ئارامیی شارەکە و هەروەها پیلانگێڕی بەدژی کۆماری ئیسلامی کردووە.

شایانی باسە کە، ڕێژەی بانگکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان پاش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی هاوکاری و پەروەندەسازی، زۆر هەڵکشاوە و لە بەرەبەری ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، بە مەبەستی ترساندی کۆمەڵگە بانگکران و گوشارەکانیش زۆرتر کراون.