دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ساڵ لە ناوچەی هەوشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی هەوشار، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ساڵیان بەناوی “ئازاد یارئەحمەدی” خەڵکی ئاوایی “ئاغەرە”ـی ناوچەی هەوشار دەسبەسەر کرد.

ڕۆژی یەکشەممە،١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئازاد یارئەحمەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی ئاوایی “ئاغەرە”ـی سەربە شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشار، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوزراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئازاد یارئەحمەدی لە کاتێکدا دەسبەسەرکراوە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئاوایی ئاغەرە، نزیکەی ٥٠کەسی خەڵکی ئەو ئاواییەی دەسبەسەر کردووە کە داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هەروەها ئەو مێرمنداڵە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.