دەسبەسەرکردنی سێ چالاکی مەدەنی و خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مەسعوود میرزایی، ئیبراهیم میرزایی و هۆزان باباکەرەمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: مەسعوود میرزایی، تەمەن ٥٣ ساڵ و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لە بازگەی پشکنینی نێوان کرماشان و سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراوە، لەحاڵێکدا کە ناوبراو تووشبووی نەخۆشی شەکرەیە و لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە، پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی مەسعوود میرزایی، برایەکی دیکەی ناوبراو بە ناوی ئیبراهیم میرزایی و چالاکی مەدەنی، لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لەهەمان ڕۆژدا، هۆزان باباکەرەمی چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی لە شوێنی کارەکەی لەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو سێ ئەو سێ چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییە تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و باردودۆخیان لە بەردەستدا نییە.