سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر خوێندکارێکی خەڵکی سنەدا

خۆڕاگری: واران محەممەدنژاد، خوێندکار و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” واران محەممەدنژاد، خوێندکار و چالاکی فەرهەنگیی خەڵكی شاری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژینی ئەو شارە، ناوبراو کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا، لوی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم بە سەرۆکایەتی قازی “سەیدی” سزای یەک ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاند.

واران محەممەدنژاد سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، لەحاڵێکدا کە تائێستا ئەو دادگایە باسی هیچ جۆرە تۆمەتێکی نەکردووە کە درابێتە پاڵ ناوبراو وهەروەها  پێشتریش ٣ ئەندامی بنەماڵەی ئەو خوێندکارە لە کاتی بەدواداچوون لەسەر چارەنووسی واران پاش ئەوەی کە دەسبەسەر کرابوو، لە بەردەم گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کران.