دادگای ڕێژیم لە ئاودانان لاوێكی ئەو شارەی بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کردووە

خۆڕاگری: سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، لەلایەن لقی دووی دادگای ڕێژیمەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بانگ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی “سەید ئەمیرحوسێن مووسەویان‌زادە” خەڵکی ئاودانانی سەربە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕیژیم، بێڕێزیکردن بە خامنەیی، بڵاوکردنەوەی درۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بە مەبەستی شێواندنی ڕای گشتیی و ئەندامبوون لە لاپەڕە کۆمەڵایەتییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بەمەبەستی لێپێچینەوە بانگی لقی دووی دادگای ڕێژیم لەو شارە کراوە.

شایانی باسە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەردەوام خەریکی ترساندن و تۆقاندنی لاوانی کوردن، بەڵام خەڵکی کوردستان لە مێژە ماهییەتی کۆماری ئیسلامییان بۆ دەرکەوتووە و ترسیان نەماوە بۆیە بێ گوێدان بە هەڕەشە و گەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێ بە ئازادی و سەربەستی بژین و داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن.