گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو لەژێر ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ

خۆڕاگری: پەیمان گەڵوانی، خەڵکی مەهاباد دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە و گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ، لە ژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ تەندروستی تێکچوو و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ بەهۆی ناجێگربوونی تەندروستیی و کەوتنە کۆماوە گیانی لەدەست دا.

شایانی باسە کە، پەیمان گەڵوانی بەهۆی ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ، دۆخی تەندروستیی تێک چووە و هەر بەو هۆیەوە بێهۆش بووە و ئاستی هۆشیاریشی تەواوە تێک چووبوو دواتر بەڕێ کراوە بۆ نەخۆشخانەی خۆمەینی و بەهۆی ئەوەیکە دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە چووەتە کۆماوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
هێزە دژە گەلییەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ، بە بنەماڵەی ناوبراویان وتووە کە گەڵوانی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی لە بەرزاییدا بووە بۆیە دۆخی تەندروستی تێک چووە و چووەتە کۆماوە.
جێی ئاماژەیەوە کە، لەماوەی چەند ڕۆژ مانەوەی پەیمان گەڵوانی لە بەشی چاوەدێری چڕدا، بەشێوەی بەردەوام دوو کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکان لەوێ بوون و ئیزنی هیچ چەشنە سەردانێکیان بە کەس نەداوە، تەنانەت تەنیا یەکجار خوشکی پەیمان توانیویەتی چاوی پێ بکەوێت، کە دواتر وتبووی؛ ئاساری لێدان بەسەر دەموچاو، سەر و جەستەی ناوبراو دیاربووە.