بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سنە مانی لەخواردن گرت

خۆڕاگری: هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە سزای ٨ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە، مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” رۆژی شەممە، ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هۆشمەند عەلیپوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سەردەشت، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ئازادیی بەمەرجی ناوبراو لە حاڵێکدا پێنج ساڵ لە سزای ٨ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕاندووە، مانی لە خواردن گرتووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تا کاتی ئازادبوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدا و پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر داوای مەرەخەسیی کاتیی بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی براکەی کە لە کاتی کؤلبەریدا بەتەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژرابوو، مانی لە خواردن گرت.