ەندکراوێکی سیاسیی کورد جارێکی دیکە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئەحمەدڕەزا حائێری، خەڵکی شاری ئیلام کە لە بەندیخانەی “ئێڤین”ـدایە، لەو کاتەی کەلە بەندیخانە بەندکراوە، لەسەر سکاڵای ڕێکخراوی بەندیخانەکانی تاران لە دژی کراوەتەوە، سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنی دیکەی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەحمەدڕەزا حائێری، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری ئیلام، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی درۆ لە دادگایی‌کردنێکدا لە دادگای تاوانەکانی تاران بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکردنی دیکەی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراوە و ئە سزایە لە مانگی خەرمانان ساڵی پار لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و باند بە مەبەستی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، بەسەریدا سەپاوە.