خۆڕاگری: یوسف بازرگانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی پیرانشار پاش زیاتر لە سێ مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی خۆڕاگری، ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، یوسف بارزگانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شارەدێی “پەسوێ”ـی سەربە شاری پیرانشار پاش زیاتر لە ٣مانگ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
ناوبراو ڕۆژی ٣١ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و پاش تێپەڕبوونی ٢مانگ بەسەر دەسبەسەربوونیدا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نەبوو.
