خۆڕاگری: لەگەڵ بەردەوامیی گوشارە ئەمنییەکان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەسبەسەرکردن هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی ١٩ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە درێژەی بەدواداچوونەکانی خۆی بۆ دۆخی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد ڕایگەیاند: حەسەن زارع، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی “گوگلی”ـی سەربە شاری شێروان، دوای ٤٣ ڕۆژ ڕاگیران، هێشتا شوێن و چارەنووسی نادیارە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای خێزانەکەی دروست کردووە.
دانیال نیازی، لاوی تەمەن ١٨ ساڵانی خەڵکی شێروان، کە ٣٨ ڕۆژە لەلاایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرە، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و لەلایەن دادسەرای ڕێژیمەوە لەو شارە، بە تۆمەتی قورسی وەک “محاربه”، بەشداری لە هەوڵی کوشتن و تێکدانی ئاسایشی گشتی تۆمەتبار کراوە و مەترسی جیددی لەسەر ژیانی هەیە.
ئەسغەر فەتحی، هاووڵاتیی خەڵکی “دەرگز” و نیشتەجێی شاری تاران، ماوەی ٤٢ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لەسەر ژیان و مردنی لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە و هەروەها سامان سولەیمانی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “هەفتچەشمە”ـی ئاودانان، دوێنێ چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
ئەمیرسەعید چەهارتارە، خەڵكی ئاودانان، پوریا سوڵتانیان، خەڵكی ئاسمانئاوا و ئیلاهە ڕەحمەتی، خەڵكی دیواندەرە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانەوە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و ڕفێندراون بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا بێسەروشوێنن.
لەلایەکی دیکەشەوە، سیروس میرناصری، هاووڵاتیی کوردی دانێشتووی شاری تاران، لە بەرەبەیانیی یەکشەممە ٢٥ی ڕێبەندان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە سەروکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە و هەروەها سینا غیاسی، خەڵكی چوار و بێهزاد سەفیدخانی خەڵكی ئیلام، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر دەسبەسەربوونیاندا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرد، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment