خۆڕاگری: پێنج هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی “نەوید ساڵحی، ئیسماعیل عەباسی، محەممەد کەربەلایی و مەلیحە فیرووزەیی، کە لە خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی چەکدارانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا، تازە ناویان ئاشکرا بووە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دوای ماوەیەکی زۆر کە کوژرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە لەلایەن یزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، تازە ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە و بەم شێوەیە بڵاو کراوەتەوە:
شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوکتور نەوید ساڵحی، تەمەن ٢٩ ساڵان و پزیشکی بەشی تیشک لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان، لە گەڕەکی گوڵستانی ئەو شارەدا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە دەموچاوی، دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی کرماشان بە ناوی ئیسماعیل عەباسی پائیمامی، کە ڕۆژی ١٧ی بەفرانبار لە گەڕەکی دیزڵئاوا بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بەرکەوتنی زیاتر لە ١٦ ساچمە بە سەروچاوی بەسەختی بریندار ببوو، پاش هەفتەیەک مانەوە لە بەشی چاودێریی وردی نەخۆشخانەی تاڵەقانی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی سپارد.
ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لاوێکی تەمەن ٢٢ساڵانی خەڵکی شیروان و دانیشتووی شاری مەشهەد بە ناوی محەممەد کەربەلایی، لە شەقامی “توس”ـی ئەو شارە بە گولـلەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا و تەرمەکەی پاش چەند ڕۆژ گەڕانی بنەماڵەکەی، لە “بەهەشتی زارا” دۆزرایەوە و لە ٢٥ی دەی لە “بەهەشتی ڕەزوان”ـی مەشهەد بە خاک سپێردرا.
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە دەوروبەری “چوارڕیانی ١٧ی شەهریوەر” لە شاری بۆجنوورد، هاووڵاتییەک بە ناوی مەلیحە فیرووزەیی بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی گوللـەی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەری، دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

Be the first to comment