بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لە بەردەوامی گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاجیاکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە لاوان و چالاکوانان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٩ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کاوە عابدی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ئەراک، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدرانەوە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە.

جەعفەر مەحموودی، لاوی خەڵکی شاری “چوار”ـی ئیلام دوای ٣٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردن و بڵاوکردنەوەی “دانپێدانانی زۆرەملێ”، مەترسییەکی جیددی لەسەر ژیانی هەیە و ئەگەری دەرکردنی سزای قورسی بۆ دەکرێت و هەروەها عەلی نامیزاد، ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان لە ئیلام دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئارەش عەزیزی، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی گوندی “بۆژان”ـی سیروانە، کە ماوەی ٢٦ ڕۆژە بێسەروشوێنە و سۆهراب عەلی‌دووستی (کارزان) و سەجاد حیکمەت خەڵكی ئاودانان، هەردووکیان نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا بێسەروشوێنن.

ئەمیرڕەزا فرۆهەر هاووڵاتیی تەمەن ٢٠ساڵان و سەجاد باخچەقی تەمەن ١٩ ساڵان، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر دەسبەسەرکردنیان، هێشتا بە هەڵپەسێردراوی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆجنوورد ڕاگیران و چارەنووسیان نادیارە.

عادل ڕەئیس قەواتی هاووڵاتیی خەڵکی ئاشخانە، دوای دوو هەفتە دەسبەسەربوون تائێستا لە بەشی قەرەنتینەی بەندیخانەی بۆجنوورد ماوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردنی لە بەردەستدا نییە و هەروەها لە شاری شنۆش ئەحەد میهەن‌خا هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە، ماوەی ١٦ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە تۆمەتەکەی و شوێنی ڕاگیرانی بە بنەماڵەکەی نەداوە.

جێی ئاماژەیە کە بێبەشکردنی دەسبەسەرکراوان لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، نیگەرانییەکان لەسەر ئەگەری ئەشکەنجەدان و گوشاری دەروونی بۆ سەر ئەم هاووڵاتییانە زیاتر دەکات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*