گیانی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەترسیی تەواودایە و حەزیای تێرنەبووی ئەم رێژیمە بە خوێنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، قوربانیی زیاتری دەوێ.
لە درێژەی سەرکوت و جینایەتی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بەرانبەر بە ڕاپەڕینی مەدەنیانەی خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە، بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکانی دەسبەسەرکراو گیانیان لە مەترسیدایە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی پێوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا کوشتارێکی سیستەماتیکیان لە نێودا بەڕێوە بەرێت.
ئەوەی لە ئێستادا خەڵک و چالاکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نیگەران کردووە، تەنیا سەرکوتی سەر شەقام نییە، بەڵکوو ئەو پیلانە پڕ لە سەرکوت و جینایەتەیە کە ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی “کۆمەڵگە و هەروەها قەرەبووکردنەوەی شکست و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی”، دەست بۆ کوشتنی دەسبەسەرکراوان ببات.
لێرەوە ڕوو لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئازادیخواز دەکەین؛ بێدەنگی لە ئاست ئەم جینایەتانە، دەبێتە هۆی دەستاوەڵڵاهێشتنەوەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم نیزامە سەرکوتکەرە بۆ درێژکردنەوەی تەمەن و دەسەڵاتی پڕ لە سەرکوت و جینایەتی خۆی، ئامادەیە هەموو نەتەوەکانی ئێران بکاتە قوربانی. پێویستە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕێژیم چڕ بکرێنەوە و لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی دەسبەسەرکراوان پێک بهێنرێت و لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ بێدەنگ نەبن.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ی میلادی
٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی

Be the first to comment