خۆڕاگری: لە درێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، ناسنامەی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد ئاشکرا کرا کە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ناسنامەی چواردە هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شارەکانی کوردستان ئاشكرا بووە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەستد داوە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەمپەریان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان دروست کردووە و لە بەرانبەر بەخاکسپاردنیان داوای پارەی خەیاڵیان کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە خۆڕاگی گەیشتوون، ڕاپۆرتی ئەو هاووڵاتییانەی کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە بەم شێوەیەیە: هێمن محەممەدی، خەڵكی شاری ڕەوانسەر، ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار گیانی لە دەست داوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر ڕووداوەکەدا، هێشتا تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی نەكراوەتەوە و هاوکات دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گوشارێکی توندیان خستۆتە سەر بنەماڵەکەی و هەڕەشەیان لێ کردوون کە نابێت هیچ زانیارییەک بڵاو بکەنەوە یان لێدوان بۆ میدیاکان بدەن.
لە حاڵەتێکی دیکەدا، بنەماڵەی ساسان کشوەری، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵەی کوردی خەڵکی ئەسفەراین و دانیشتووی تاران، ناچار کراون بڕی ٥٠٠ ملیۆن تمەن بدەن بە ناوەندە حکوومییەکانی ڕێژیم بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە و هەرەها ساسان ئێوارەی ١٩ی بەفرانبار لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لە دەست داوە و هەر لەو شارەش بەخاک سپێردراوە.
ئەمیرڕەزا میرزایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی چوارگاوی شاری قوروە و دانیشتووی تاران، یەکێکی دیکە بووە لە قوربانییان و ئێوارەی ١٩ی بەفرانبار لە گەڕەکی “واوان”ـی ئیسلامشەهر، لە پێش چاوی دایک و خوشکەکەی، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گولـلە بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەست داوە.
لەم شەپۆلەدا ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی کورد لە تاران و کەرەج کراونەتە ئامانج کە بریتین لە: مەیسەم قەنبەری، خەڵکی کرماشان، لە ناوچەی “پەرەند”ـی تاران بە گولـلەی جەنگی پێکرایە و شەهید بوو، محەممەد فەرهادی، خەڵکی هەمەدان لە گەڕەکی “ئەفسەریە”ـی تاران گیانی بەخت کرد، شیلان ساڵحی، خوێندکاری خەڵکی بانە، لە تاران بە تەقەی راستەوخۆ گیانی لەدەست دا، ئیبراهیم شەهبازیان، خەڵکی قوروە، دوای ٤٨ کاتژمێر بێسەروشوێنبوون، تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەریی “کەهرێزەک” دۆزرایەوە، خوداداد ئولفەتی خەڵکی کرماشان، لە “فەردیس”ـی کەرەج بە تەقەی چەکدارانی ڕێژیم گیانی سپارد.
هەروەها لە شاری کرماشان و ناوچەکانی دیکەش توندوتیژیی و تەقەکردنی هەڕەمەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم قوربانیی لێکەوتووەتەوە، سوهەیل خەزایی، ئەندازیاری نەوت، لە کرماشان بە دوو گولـلە شەهید کرا، سینا مەلەکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی کرماشان کە لە ناوچەی “تاقوەسان” کرایە ئامانج و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست دا، ئەمیرحوسێن حەساری، لە گەڕەکی “نەوبەهار”ـی کرماشان گیانی بەخت کرد، ڕەزا ڕێزوەندی خەڵکی کرماشان، لە تاران گیانی بەخت کردووە و شوێنەواری گولـلە بە پشت سەریەوە دیار بووە.
ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، فاتمە سوڵتانی ژنێکی کورد لە شاری ئەسفەراینی خۆراسانی باکوور، بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا و هەروەها ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر و چەکی جەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و شێوازی پێکانی قوربانییان ڕاستەوخۆ بەر (سەر، دڵ و سنگ)ـیان کەوتووە و ڕێگری لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان کراوە.

Be the first to comment