خۆڕاگری: لە درێژەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران و کوردستان لە ڕۆژانی ١٧ تا ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کورد لە شارە جیاوازەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٧ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” توندوتیژییەکان لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی (١٨ و ١٩ی بەفرانبار) گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کرماشان، تاران، کەرەج، ئیلام و هەمەدان تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردووە و ناسنامەی زیاتر لە ٢٠کەسی دیکە ئاشکرا کراوە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لە دەست داوە.
بەشێکی زۆری قوربانییەکان خەڵکی پارێزگای کرماشانن و لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا، ماهان ڕوستەمی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵانی پەیڕەوی ئایینی یارسان لە گەڕەکی دەوڵەتاوا بە فیشەکی جەنگیگیانی لە دەست دا و هاوکات لە کارەساتێکی دڵتەزێندا دوای ئەوەی شەهلا کاکایی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کرماشان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەکوژرێت، هاوژینەکەی بە ناوی مێهدی کاکایی کە خۆیشی بریندار ببوو، دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا!.
لیستی بەشێک لەو هاووڵاتیانەی دیکەی کرماشان کە لە گەڕەکەکانی وەک (پەردیس، مەسکەن، دیزڵئاوا، شەهیاد و کەرناچی) و ناوچەکانی دیکە گیانیان لەدەست داوە، بریتین لە: ئیسماعیل عەباسی پائیمامی (دوای ٦ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە)، موجتەبا بەگی، میلاد فەیزی و سەجاد فەیزی، ئازاد ئیلاهی بلوێردی و ڕەزا نادری، پەژمان فەخری و میلاد موحیبی.
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد کە دانیشتووی شارەکانی تاران و کەرەج بوون، بوونەتە قوربانیی سەرکوتەکان، لە ڕووداوێکی مەترسیداردا، نەوید ئیلاهی بلوێردی، پەرستاری خەڵکی کرماشان، لە شاری کەرەج لە کاتێکدا سەرقاڵی چارەسەرکردنی بریندارەکان بووە، کراوەتە ئامانج و گیانی لە دەست داوە و هەروەها لەیلا شوکری و ڕەزوان عەبدی (خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵان) لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی خامنەیی گیانیان سپاردووە.
سەعید شەهگوڵی، محەممەدڕەزا عەوەزپوور، مەسعوود مرادی، مەهدی زارعی، ئەبولفەزل جاهیدی، ئەشکان بەستار، ئەحمەد خوسرەوانی، عابدین خەزایی، ئەمیرحوسێن فەتحی (خوێندکاری ئەندازیاری) و موحسین باوەندپوور، ئەو هاووڵاتییە کوردانەن کە لە ناڕەزایەتییەکانی تاران و کەرەجدا بەر گولـلەی جەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کەوتوون و گیانیان لەدەست داوە.
توندوتیژییەکانی ڕێژیم ناوچەکانی دیکەشی گرتووەتەوە و لە شاری بیجاڕ لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵان بە ناوی ئەبولفەزل دێهقانی کوژراوە و زۆربەی ئەم قوربانییانە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی جەنگی بە بەشە هەستیارەکانی جەستەیان وەک دڵ، مل و سەر گیانیان لەدەست داوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی هێزی کوشندە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان.

Be the first to comment